شەوی ڕابردوو لە تارانی پێتەختی ئێران، هەموو ماڵپەڕەکانی ڕێژیمی ئێران داخران و گوڕینی ڕێگەی فڕۆکە لەسەر ئاسمانی تاران و دەنگی ئاژیری مەترسیدار لەو شارە ڕوویداوە.
شەوی ڕابردوو کاتژمێر نزیکەی ۱۲ی نیوەشەوى ۱۰ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی ڕۆژئاوای تاران گوێبیستی دەنگی ئاژیر و زەنگى هوشداری و مەترسی بوونەتەوە و ئەمەش بەتەواویی خەڵکى نیگەران کردووە و بە پێی قسەى خەڵک، دەنگی ئاژیر لە ناوچەکانی “شەهرئارا، سەتارخان و مەرزدارانی ڕۆژئاوای تاران”، بۆ چەند خولەکێک بیستراوە و هەندێک کەسیش ویدیۆ و دەنگی ئاژیرەکەیان بڵاو کردۆتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، کاتژمێرێک دوای دەنگی ئاژیرەکە، وێنەی جیاواز لە داخستنی ماڵپەڕی گەشتە ئاسمانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەوە کە باس لە گۆڕینی ڕێگەی فڕینی فڕۆکەیەک لەسەر فڕۆکەخانەی “خومەینی” لە باشووری تاران و داخستنی ماڵپەڕی “مێهرئاباد” و ڕێکخراوەی “وزەی ناوەکیی” لە ئێران دەکات، دواتر کاناڵی هەواڵی ئێرانیش ژێرنووسێکی بڵاو کردەوە کە: فڕۆکەوانی گەشت بۆ تورکیە سەربەخۆ بڕیاری ئەوەی داوە کە بە هۆی بارودۆخی کەش و هەواوە نەنیشێتەوە و پاش ماوەیەک لە باکوو نیشتووەتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە هەواڵە نافەرمییەکان باس لە تەقینەوەی کۆگایەکی ناوکی لە دەورووبەری تاراندا دەکەن بەڵام سەرچاوە فەرمییەکان پشتڕاستیان نەکردۆتەوە.












