لە درێژەی ڕەشبگیرییەکانی کوردستان، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی مەهاباد دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەستبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی “ئەرەستوو مەلاڕەحیمی” چالاکی مەدەنی خەڵکی مەهاباد لە ڕێگەی تلفونەوە بە مەبەستی وڵامدانەوە بە نیسبەت پۆستێکی ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە سەبارەت بە ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە مەهاباد بڵاوی کردبووە، بانگ کراوە و هەر لەوێش دەستبەسەر کراوە،
ئەرەستوو مەلاڕەحیمی یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بواری چالاکیی مەدەنی لە مەهابادە کە بەشداری چالاکانەی هەبووە لە کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان و کۆتۆل و هەروەها گەیاندنی هاوکاری بۆ لافاولێدراوانی پارێزگای لوڕستان و لەزۆربەی کاروچالاکییە ژینگەی و مرۆڤایەتییەکانی دیکەی کوردستان بەشداری بەرچاوی هەبووە.
هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە، سێ هاونیشتمانی دیکە لە شارەکانی پاوە، مهاباد و شنۆ دەسبەسەر کران و تائێستا ژمارەی دەسبەسەرکراوانی کوردستان گەیشتۆتە ٨٠ کەس کەلەو چەند ڕۆژەدا لەلایەن هێزەسەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕاپێچی گرتنگەکان کراون و دوای حەوتوویەک لە دەسبەسەر کردنی هاونیشتمانییەکی خەڵکی دەڤەری باینگانی سەر بە پاوە بەناوی سەعید خالیدی هێشتا چارەنووسی نادیارە.