ترسی ڕێژیم لە کورد و بزووتنەوەی کوردستان وایکردووە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا جیا لە بێڕێزیی بە فەرهەنگ و زمان و گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی ،ڕەشبگیری و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە کوردستاندا هێرشێکی نەرمی میدیایی و بەربڵاوی بۆ سەر بزووتنەوەی کورد و ڕێبەرانی کورد دەستپێکردووە.
ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی و لە بەرەبەرەی ساڵوەگەڕی ڕۆخانی ڕێژیمی پێشوودا و هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم لە ناوەندی سنە هێرشێکی میدیایی و بەربڵاوی پڕ لە درۆ و چەواشەکاریی بە نیسبەت ڕێبەران و بزووتنەوەی کوردەوە دەستپێکردووە و بە پێچەوانەنیشاندانی ڕاستییەکان و بە کەڵکوەرگرتن لە چەند خۆفرۆش و بەکرێگیراوێک هەوڵی پەردەپۆشکردنی جینایەتەکانی خۆی و بەلاڕیدابردنی ڕاستییەکانی ئێران و کوردستان دەدا.
بە دڵنییاییەوە هێرش بۆ سەر کوردستان و ڕێبەرانی کورد نیشانە و بەرهەمی ترس و دڵەڕاوکێی ئەو ڕێژیمە پرتووکاوە لە کورد و بزووتنەوەی کوردە کە وەکوو سەرەکیترین و دیارترین و لە مێژینەترین سەنگەری ئازادیی چاو لە کوردستان دەکرێ و پڕ مەترسیترین شوێن بۆ ڕێژیم کوردستانە و زیندوویی کۆمەڵگەی کوردی و جێگە و پێگەی حیزبە سیاسییەکانی کورد لە دڵی خەڵکی کودستاندا ڕێژیمی تۆقاندووە.
خەڵکی کورد کاتێک نای بە کۆماری ئیسلامیی و درۆکانی خومەینی گوت کە خەڵکی دیکە ئاگایشیان لە خۆیان نەبوو چ بگا بە ئێستا کە لە هەمووکاتێک چاوکراوەتر و بەهێزتر و زیندووتر و هیچکات نەک هە فریوی ئەو چەواشەکارییانەی ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانیان ناخۆن بەڵکوو ئەو کردوانەی ڕێژیم زیاتر هاندەریان دەبێ بۆ خەبات و بەربەرەکانێی لە دژی ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە تا گەیشتن بە مافەکانیان.











