پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی تورجانی سەربە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، کاک” محەممەد فەتاحی” پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بۆکان، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
محەممەد فەتاحی ساڵی ۵٩ی هەتاوی دەبێتە پێشمەرگە و چەکی شەرەف بۆ بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکاتە شان و تا ساڵی ٦٤ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکیی وەفاداری حیزب دەمێنێتەوە و دواتر بە ئیزنی حیزب ، بە ناچار دەگەڕێتەوە ناو بنەماڵەکەی، بەڵام تاکاتی کۆچی دوایی دڵەگەورەکەی بۆ ئازادی نیشتمان لێدەدا.
کۆچکردوو محەممەد فەتاحی، جیا لە هەستی نیشتمانپەروەریی، کەسێکی دەنگخۆشیش بووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە فێستیڤاڵی بەیت و حەیرانی سەردەشت بەشدار بووە و چەند خەڵاتی لەو بوارەدا بۆ خۆی مسۆگەر کردوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” محەممەد فەتاحی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.












