شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژێنێڤ و ڕێکخراوی لێبۆردنی نێونەتەوەیی لە لەندن، هاوکات زیادبوونی سزای سێدارە لە ئێران، بە تایبەت لە دژی چالاکانی ئایینیی و کەمایەتییە نەتەوەییەکان مەحکووم دەکەن.
ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ٢٨کەس لە ماوەی مانگێکدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون، زۆر بە توندی ئەم کردووە دژە مرۆییەی ئێران لە هەمبەر کەمینە ئایینیی و نەتەوەییەکان مەحکووم دەکەین.
جێگای ئاماژەیە ئەو دوو ڕێکخراوە داوایان لە خامنەیی کردووە کە لە سێدارەدان لە ئێران ڕابوەستێنێ و هەروەها ڕایانگەیاند کە جاوید لە دادگایەکیی نادادپەروەرانەدا بەهۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە دانپێدانانی زۆرە ملێیان لێوەرگرتووە بەڵام سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، “جاوید دێهقان” چالاکێکی دیکەی بەلووچ لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهێدان لە سێدارە درا.
پێویستە بگوترێ لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ٢٠هاووڵاتیی بەلووچیان لە شارەکانی مەشهەد و زاهێدان لەسێدارە داوە.












