ئاماری مردن لە پارێزگای كرماشان له سۆنگهی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر زیادی کردوه.
بەپێی ئاماری ڕەسمیی شوورای هاوئاهەنگیی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكانی كرماشان، لە ماوەی٩ مانگی ڕابردوودا ١١٥ كەس لە ناوچه جیاوازهکانی ئهم پارێزگایه بەهۆی كەلك وەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە مادە سڕكەرەكان گیانیان لە دەست داوه.
ئەم ئامارە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا ٩٩ كەس بووەو هەروەها ژمارهی مردنی ژنانیش له سۆنگهی کێشانی مادە هۆشبەرەكان زیادی كردوە. ئامارهکان دهڵێن لە ساڵی ڕابردوودا٩ژن بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست دابوو، لە حاڵێكدا كە ئەمساڵ ئەم ئامارە گەیشتۆتە ١٢ كەس.
كاربەدەستانی شوورای هاوئاهەنگیی بەربەرەكانی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكان هەروەها دهڵێن كە لە٩مانگی ڕابردوودا لەم پارێزگایە دەست بەسەر١ تۆن و ٦٢٦ كیلۆ ماددهی هۆشبهردا گیراوه كە ئهوه نیشانەی بڵاوبوونەوەی لە ڕادەبەدەری مادەی هۆشبەر لە پارێزگای كرماشانە.