لە درێژەی سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر دابیننەکردنی پێکوتەی کۆرۆنا ٤٨ ڕێکخراوەی خوێندکاریی لە سەرانسەری ئێراندا بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەوەیکە ڕەخنەیان لە سەرەڕۆیی و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک لەبارەی قەیرانی کۆرۆناوە گرت، خوازیاری ڕوونکردنەوە لەو بارەیەوە و هەوڵدان بۆ دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا بۆ خەڵکی ئێران بوون.
ڕۆژی ٨ی ڕێبەندان ٤٨ ڕێکخراوەی خوێندکاریی لەو بەیاننامەیەدا ڕەخنەیان لە ڕوونەکردنەوەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم سەبارەت بە وردەکاریی بۆ دابینکردنی پێکوتەی باوەڕپێکراو و ناسراو گرت کە بووەتە هۆی نارەزایەتی و نیگەرانی خەڵکی ئێران و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە تێچووی پێکوتەی کۆرۆنا دەبێ لە ئەستۆی رێژیم بێ و بەرپرسانی پلە بەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرەڕۆیی و خوڕافەپەرەستی گیانی گەلانی ئێران نەخەنە مەترسییەوە.
لەم دواییانەدا عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕیژیم، لەگەڵ ئەوەیکە پێکوتەی کۆرۆنای ئەمریکا و بریتانیای بردە ژێر پرسیارە، هاوردەکردنی ئەو پێکوتەیەشی بۆ ئێران قەدەغە کرد.
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باسیان لە دەستپێکردنی کوتانی پێکوتەی کۆرۆنا لە وڵاتانی دیکەی جیهان و هەروەها وڵاتانی دراوسێی ئێران کرد و وتیان تەنیا لە ئێران گیانی خەڵک بەلای بەرپرسانەوە گرینگ نییە و گیانی خەڵکیان کردووە بە ئامرازی دەستی خۆیان بۆ کێشە سیاسییەکانن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.












