لە وڵامی هەڕەشەکانی ئاڤیۆ کۆخاوی بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئیسرائیل، بەرپرسی دەفتەری سەرۆککۆماری ئێران وتی: ئێمە نامانهەوێت لە گەڵ ئیسرائیل شەڕ بکەین.
مەحموود واعێزی، بەرپرسی دەفتەری سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وڵامی هەڕەشەکانی ئاڤیۆ کۆخاوی کە وتبووی پلانمان داڕشتووە بۆ هێرشی سەربازیی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وتی: ئێمە نامانهەوێت لە گەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل شەڕ بکەین و ئیسرائیل لە گەڵ ئێمە شەڕی دەروونی دەکا.
سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، جەخت لە سەر لە ناوبردنی ئیسرائیل دەکەن و بەردەوام دروشم بە دژی ئەو وڵاتە بڵاودەکەنەوە، مەحموود واعێزی، بەرپرسی دەفتەری حەسەن ڕووحانی دەڵێ: ئێمە شەڕ لە گەڵ ئیسرائیل ناکەین بەڵام ئامادەین بەرگری لە خۆمان و وڵاتەکەمان بکەین.
شایانی باسە دوای هاتنە سەرکاری جۆبایدێن وەکوو سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا و بڵاو بوونەوەی دەنگۆی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی بەرجام، ئاڤیۆ کۆخاوی، بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ناوکیی لە لایەن ئەمریکاوە کارێکی هەڵەیە و ئیسرائیل لە ئێستادا پلاندادەرێژێ بۆ هێرش کردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەکا و بە هێچ جۆرێک ڕێگە نادەین ڕێژیمی ئیران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.












