وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بریتانیا و ئیسرائیل، سەبارەت بە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتووێژیان کرد.”
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی ٨ی ڕێبەندان، لەگەڵ دۆمینیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بریتانیا سەبارەت بە هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانی ئێران لە ناوچەدا و وڵامدەرنەبوونی چین بە نیسبەت بەڵێنامە جیهانییەکان وتووێژیان کرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا وتی:” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بریتانیا لە سەر هاوکاریکردن سەبارەت بە بەهێزکردنی بەها دێموکراتیکەکان لە سەراسەری جیهان و بەهێزکردنی پێوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە قسەیان کرد”.
هەر لەو پیوەندییەدا ڕاگەیەنەکانی ئیسرائیل لە زمانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ “گەبی ئەشکنازی” وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، سەبارەت بە ستراتژیکی ناوچە، پەرەپێدان بە بازنەی ئاشتی، و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران قسەیان کرد وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتی:” ئێمە بە هاوکاریی ئەمریکا بۆ لابردنی ئەو هەڕەشانەی کە بۆ ئەمنییەتی ناوچە مەترسیدارن و هەڕەشەن لە سەر ناوچەکە کار دەکەین.
هەر وەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئاڵمانییەکەی لە ڕێگای تلفونەوە سەبارەت بە ئاسایشی ئەو دوو ولاتە و بەها هاوبەشەکانیان و هەر وەها کێشمەکێشە نێونەتەوەییەکان بە تایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاوێژیان کرد.
هەموویان لەسەر ئەوەیکە دەبێ پێش بە سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەست پێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکی،هاوڕابوون.












