لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاشتاگێکی بەربڵاو لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی چالاکانی کورد بەڕێوەدەچێ و پێوانەی زیاتر لە ٨٠ هەزار کەسی تێپەڕاند.
کۆمەڵێک لە بەکارهێنەرانی تویتێر بە هاشتاگی “چالاکانی کورد ئازاد بکەن” لەگەڵ مەحکوومکردنی دەسبەسەر کردنی بەکۆمەڵ و بەربڵاوی چالاکانی کورد لە حەوتووەکانی ڕابردوودا خوازیاری ئازادی دەسبەسەر کراوان بوون.
لەچەند حەوتووی ڕابردوودا هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٧٥هاووڵاتیی کوردیان لە پارێزگاکانی ورمێ، کرماشان و شارەکانی تاران و کەرەج دەسبەسەر و بێسەروشوێن کردوون و لەوانەش دوکتور مستەفا ئیلخانیزادە نووسەر و بەرپرسی ناوەندی فەرهەنگی و پەروەردەیی “ئەدەب” لە شاری بۆکان دەسبەسەر کراوە.
تا ئێستا لە دۆخی دەسبەسەرکراوان هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و تەنیا ژمارەیەکی کەمیان پێوەندی تەلەفونییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە گوازراونەتەوە بۆ گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شارەکانی ورمێ و سنە و تەورێز و تاران.
جێی ئاماژەیە کە هەر لەم بارەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی ژمارەیەک لەو دەسبەسر کراوانە چوونەتە بەردەم پادگانی “ئەلمێهدی”ی سپای پاسداران و داوایان کردووە کە لەسەر تاوان و دەسبەسەر کردنی ڕۆڵەکانیان زانیارییان پێبدەن بەڵام بەرپرسانی ئەو پادگانە هیچ زانیارییەکان لەو بارەوە نەک هەر پێنەداون بەڵکوو بێڕیزیشیان پێکردوون.











