کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە٨ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بۆ شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵ و مووشک دەدا بە میلیشیا حوسییەکانی یەمەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بەرپرسی ڕاستەوخۆی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی یەمەنن، ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە بەڵگەگەلێکی زۆرمان لەبەردەستدایە کە دەیسەلمێنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، چەکوچۆڵ و مووشەک دەدەن بە میلیشیا حوسییەکانی یەمەن.
هەرلەم پێوەندییەدا حەوتووی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی یەمەن ڕایگەیاند کە ئەو مووشەکانەی میلیشیا تێرۆریستە حوسییەکانی یەمەن بۆ کارو کردەوەی تێرۆریستی کەڵکی لێوەردەگرن لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هەناردە دەکرێ.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران هەناردەکردنی چەکوچۆڵ و مووشەک بۆ میلیشیا حوسییەکانی یەمەن ناشارێتەوە و پاسدار ئەبوولفەزل شکارچی وتەبێژی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، ماوەیەک لەمەوپێش ڕایگەیاند کە ئێمە چۆنییەتیی بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان داوە بە حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانێکی باشی ئێمەن لە ناوچەکەدا.












