بە وتەی “غوڵامحوسێن ئیسماعیلی”، وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، “مێهدی جەهانگیری”، برای “ئیسحاق جەهانگیری”، ڕاوێژکاری یەکەمی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بەهۆی بازرگانی کردن بە تمەن و دۆلار و گەندەڵیی، بە دوو ساڵ بەندکران و سزای ١٠ میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن تمەن حوکم دراوە. یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکانی مێهدی جەهانگیری “بەکارهێنان و مامەڵە بە دارایی نامەشرووع” ڕاگەیەندراوە کە ئەوەش بۆ خۆی حوکمی دوو ساڵ بەندکران و سزای زیاتر لە ٤٥ میلیارد تمەنی بۆ ناوبراو بەدواوە بووە.
شایانی باسە کە، مێهدی جەهانگیری وەکوو یەکەک لە گەندەڵکارانی نێو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندی لە ئێستادا بەرپرسی ژووری بازرگانیی تارانە و مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ـی هەتاوی لە لایەن ئیتلاعاتی سپای کرمانەوە بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی دەسبەسەر کرابوو. هەروەها ناوبراو چەندین جاری دیکەش لە چەند لایەنی دیکەوە بە تۆمەتگەلی جۆراوجۆر دەسبەسەر و حوکمی بەسەردا سەپابوو.
خاڵی جێگای سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەسازان و ململانێی نێوان باڵەکانی ڕێژیم بەتایبەت لە کاتی ڕوودانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان یەکتردا، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان تاکوو گەندەڵییەکانی یەکتر ئاشکرا بکەن و یەکتر تاوانبار بکەن و ئەم کردەوانەی کاربەدەستانی ڕێژیم یەکەمجار و تازە نییە.