پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “جەعفەر پیرۆتیئازەر” لە شاری سەردەشت ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی سیشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، “جەعفەر پیرۆتیئازەر” خەڵکی شاری سەردەشت و برای شەهیدی فەرماندە “ناسر پیرۆتیئازەر” بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
کاک جەعفەر کوڕێکی خەمخۆری نیشتمان و دڵسۆزی شاری سەردەشت و دەوروبەری بوو و ماوەیەک وەکوو هەزاران گەنجی دڵ پڕ لە ئاواتی نیشتمان پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە و لەو ڕێگەیەوە خزمەتی بە گەلەکەی کردووە، ماوەیەکی زۆریش لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی هێزە داگیرکەرانی ڕێژیمی تاراندا بووە.
شایانی باسە کە، برایەکی کاک جەعفەر بە ناوی شەهید ناسر پیرۆتیئازەر یەکێک لە فەرماندە نیزامییەکانی هێزی گیاڕەنگ بووە، کە ساڵی ٦٦ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانەدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی تاران و لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگەیەکی سپای پاسداران لە گوندی “گوێزیلێ”دا شەهید بوو.
وەکوو ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی کاک جەعفەر پیرۆتیئازەر، پرسە و سەرۆخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی بەڕیزی پیرۆتیئازەر دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.