بەهۆی نەبوونی موبایلی زیرەک بۆ درێژەپێدان بە دەرس خوێندن، زیاتر لە پێنج میلیۆن قوتابی لە ئێران لە قوتابخانە وەدوا کەوتوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “تەسنیم” لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پەرەسەندنی ئەو نەخۆشییە پێنج میلیۆن قوتابی کە سەتا ٣٥ی قوتابیان دەگرێتەوە لە ئێران بەهۆی نەبوونی موبایل و کەرەستەی زیرەک ناتوانن لە ڕێگای ئانلاینەوە درێژ بە دەرس خوێندن بدەن و لە قوتابخانە وەدواکەوتوون، بەپێی ئەو ئامارە یەک لە سەر سێی قوتابیان نەیانتوانیوە بەشێوەی ئانلاین درێژە بە خوێندن بدەن.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە ماوەیەک لەمەوبەر بەرپرسانی پەروەردە وڕاهێنان ڕایانگەیاندبوو کە سیمکارت و تەبلێت بۆ دوو میلیۆن قوتابی دابین دەکەن بۆ ئەوەی پێش بە دەستهەڵگرتن لە خوێندنی قوتابیان بگرن بەڵام تا ئێستاش ئەو بەڵێنەی بەرپرسان وەکوو هەموو بەڵێنەکانی دیکەیان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە بەر دۆخی خراپیی ئابووری بنەماڵەکان، مناڵەکانیان وازیان لە خوێندن هێناوە.