سەرۆکی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئیسرائیل بە نیسبەت پێشهاتەکانی دوای هاتنەسەرکاری جۆ بایدێن و ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی هوشداری دا و وتی: هێزەکانی ئیسرائیل لە ئێستادا خەریکی ئامادەسازی پڕۆەگەلێکی کردەیی دژبە ڕێژیمی ئێرانن و لەم ساڵدا شێلگیرانە کار لەسەر ئەوە دەکەن.
ئاڤیو کۆخاوی سەرۆکی ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئیسرائیل، لە وتەکانی خۆیدا لە ڕێکخراوی توێژینەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە تێل ئاڤیڤ وتی: ڕێژیمی ئێران دەتوانێ بڕیار بدات کە ئایا دەتوانێ، بە نهێنی یان بە ئاشکرا بۆ دروستکردنی چەکی ناوکیی بەرەوپێش بڕوات، لەسەر ئەو بڕیارەی ڕێژیمی ئێران منیش فەرمانم بە ئەرتەشی ئیسرائیل داوە بێجگە لەو ڕێکارانەی کە ئێستاکە هەن، چەند پڕۆژەیەکی دیکەی کارا دژ بە ڕێژیمی تاران ئامادە بکەن.
کۆخاوی هەروەها لە درێژەدا وتی: ئێمە خەریکین بەچڕی کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکەین و لە درێژەی ئەمساڵدا بەربڵاوتری دەکەین، هەڵبەت ئەوە دەبێ ڕێبەرانی وڵات لە بارەی بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆژەیە بڕیار بدەن، بەڵام ئێمە ئەو پڕۆژانەمان ئامادە کردووە و لەبەر دەستیان دامانناوە.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە، گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی، تەنانەت ئەگەر کۆمەڵێک پێشێلکاریش چارەسەر بکا، هەم لە بواری کردەیی و هەم لە بواری ستراتێژیکییەوە زۆر دەرکەوتەی خراپی دەبێ؛ ئەگەر ئیزن بە ڕێژیمی ئێران بدرێ کە بەرنامەی ناوکیی بەرەو پێش ببات ئەوە دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ناوچەکە و ئەمەش بەهیچ شێوەیەک شایانی قەبووڵ کردن نییە.












