ئەو لاوە کۆڵبەڕانەی کە بەهۆی هەرەسی بەفرەوە لە سنووری ئێران و تورکیە گیانیان لەدەستدابوو و ماوەیەک تەرمەکانیان لەژێر بەفردا مابۆوە، خەڵکی ناوچەکە خۆیان تەرمەکانیان دەرهێناوە کەچی ڕێژیمی ئێران خۆی دەکاتە قارەمان.
ئێوارەی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، خەڵکى گوندى “کووران”ى ورمێ تەرمی ئەو ٥ لاوەی کە لە سنوورى تورکیە بەهۆی ڕنووی بەفرەوە گیانیان لەدەستدابوو، دۆزییەوە و هەر پێنج تەرمەکەیان بردەوە بۆ گوندەکەیان، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کە هیچ ڕۆڵێکیان لە دەهێنانی ئەو تەرمانەدا نەبووە و خۆیان بە قارەمان و ڕزگارکەر دەزانن.
وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ڕێژیم ڕایگەیاند کە، تەرمی هەر پێنج لاوەکە لە خاکی تورکیە دۆزراوەتەوە و هەماهەنگى کراوە کە بهێنرێنەوە بۆ ئێران، ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمارى ئیسلامى چ بە هەوڵى دیپلۆماسى و چ بە هەوڵى ئینسانى و چ وەک هەواڵ و میدیا، هیچ کارێکیان بۆ دۆزینەوەى تەرمی ئەو پێنج لاوە نەکردووە، بەڵکو خەڵکى گوندەکە و چەند شوێنێکی دیکەی ناوچەکە خۆبەخشانە دەستیان بە گەڕان کرد بۆ دۆزینەوەیان و تەنانەت لە نێو خاکى تورکیا کوردەکانى باکوور یارمەتیدەرێکى زۆرى خەڵکى ورمێ و ڕۆژهەلات بوون کە بە دواى تەرمەکاندا دەگەڕان.