کورتەیەک بۆ ناساندنی فیلمی “استاد”
ژیان و بەسەرهاتی شاعیری شۆرشگێری کورد لاهووتی کرماشانی
فیلمی”استاد” واتە “مامۆستا” لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن تاجیک فیلم بە ڕژسیۆریی دەوڵەت خودانەزەرۆڤەوە، سەرۆکی یەکیەتی سینەماکارانی سۆڤیەتی ڕابردوو بە زمانی ڕووسی بڵاو بۆتەوە کە هاوکات سناریۆکەشی نووسیوە. ماوەی ئەم فیلمە یەک سەعات و ٣٣ خولەک و نیوە. ئەوانەی خوارەوە بە یارمەتیی دەقی ئەو سیناریۆیە نووسراون و هەندێک زانیاری زیاتریشیان ئاوێتە کراوە:
لە سەرەتای فیلمەکەدا باس لە سەردەمی ژیانی لاهووتی دەکرێ. لاهووتی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە [ساڵی ١٨٨٧] لە کرماشان لە بنەماڵەیەکی هەژار لە دایک بوو. باوکی لەبەر هۆگری و خۆشەویستیی ئەبولقاسمی فیردەوسی، شاعیری ئێرانی، ناوی ئەبولقاسمی لەسەر داناوە. جارێکیان لە کاتی منداڵیدا دەچێتە مەدرەسە، مامۆستا لە لاهووتی دەدا و باوکی بە زانینی ئەم کارە ئیتر لاهووتی بۆ ئەو مەدرەسەیە نانێرێ. لە جەوانیدا لاهووتی لەژێر کاریگەریی بیر و نووسراوەکانی “میرزا مولکم خان”دا بوو. لە بزووتنەوەی مەشرووتەی ئێران (١٩٠٦) و گرتنی تاراندا بەشدار بووە. بۆ هەوەڵ کەرەت لە کاتی بوونی سپای تزار لە کرماشان لە ساڵی ١٩١٦ لە ڕێگای ئەفسەرێکی بۆلشویک بە ناوی “کلانیسۆڤ”ەوە لەگەڵ نێوی لێنین ئاشنا دەبێ. لە ١٩١٧ دا لە کرماشان ڕۆژنامەی “بیستون”ی چاپ و بڵاو کردۆتەوە. لە ساڵی ١٩١٨ چووەتە تورکیە و لەوێ لەگەڵ حەسەن موقەدم، ڕۆژنامەی “پارس”ی چاپ و بڵاو کردۆتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە ئێران. لە ساڵی ١٩٢١ کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ناسراو بە جەنگەڵ لە گیلان بووە و لە تەورێز بەشداریی بزووتنەوەی شێخ محەممەدی خیابانی کردووە، ئینجا هەر خۆی بە یارمەتیی ژاندارمەکانی ژێردەستی خۆی لە شارەکەدا حکوومەتی سووری دامەزراندووە و پاش شکستی حکوومەتەکەی، بەرەو سۆڤییەت چووە.
لەسەر سنووری ئازەربایجان لەگەڵ هاوڕێکانی چەک دەکرێ و بۆ نەخجەوان و پاشان باکۆی دەنێرن. لەوێ بە هۆی دەسەڵاتداریی مساواتچییەکان دەیگرن و لە بەندیخانەی دەخەن و گەلێک شکنجە و ئازاری دەدەن. بە هاتنی سپای کیرۆڤ یەکێک لە فرماندەکانی سپای سوور و ئەندامی ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤییەت بۆ باکۆ ئازاد دەکرێ. لاهووتی لەسەرەتا دەچێتە مۆسکۆ و پاشان شاری دوشنبە پایتەختی تاجیکستان. هەوەڵ کتێبی لاهووتی لە ساڵی ١٩٢٣ لە مۆسکۆ چاپ کراوە. لە ساڵی ١٩٢٤ ساڵی مەرگی لێنین دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤییەت. لە تاجیکستان ڕۆڵێکی گەورە لە گەشەپێدانی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی تاجیکی و پەروەردەکردنی گەنجانی ئەو وڵاتە دەگێرێ. ئەو هەوڵێن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و ڕۆژنامە بۆ دوشنبە دێنێ، خەڵکی تاجیک لەگەڵ شکسپیر و نووسەرە بە ناوبانگەکانی جیهان ئاشنا دەکا، هەوەڵین ڕۆژنامە واتە “بیداری تاجیک” بڵاو دەکاتەوە. لە دامەزرێنەرانی یەکەمین ئۆپێرا-بالێتی تاجیکستانە. یەکەم سروودی میللیی تاجیکستانی نووسیوە. لە کاتێکدا “صدرالدین عینی” نووسەری بەناوبانگی تاجیک بە بیانووی ئەوەی کتێبەکانی شا پەرەستانە و ناسیۆنالیستین، ئیزنی بڵاوکردنەوەی نووسراوەکانی پێ نادرێ، ئەو کتێبەکەی بۆ چاپ دەکا. لە ساڵی ١٩٣٧ کە عینی دەگرن و کتێبەکانی دەسوتێنن، بوێرانە دەچێتە لای یەکەم سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی تاجیکستان عوسمان یۆسوفۆڤ و داوای ئازادبوونی ئەوی لێ دەکا. ئەمە بۆ کەسێک کە بۆخۆی پەنابەری ئەو وڵاتە بووە کارێکی گەلێک مەترسیدار بەڵام بوێرانە بووە. عەینی لە نامەیەکدا بۆ لاهووتی دەنووسێ، ئەگەر شتێکم بەسەر هات دەزانم تۆ تەنیا کەسێکی دەتوانی فریای منداڵەکانم بکەوی.
لاهوتی لە بەشدارانی سەرەکیی یەکەمین کۆنگرەی نوسەرانی یەکیەتیی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٣٣ بووە و لە فیلمەکەدا لە تەنیشت ماکسیم گۆرگی دانیشتووە، لە ساڵی ١٩٣٥ بەشداریی لە کۆنگرەی “بەرگری لە ئەدەبیات” لە پاریس کردووە و وتاری خوێندۆتەوە. چەندین جار میداڵیای جۆراوجۆر و یەکێک لەوان میداڵیای لێنینی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٤٦ پاش دامەزرانی حکوومەتی ئازەربایجان و کوردستان هیوای گەڕانەوە بۆ وڵات تێیدا زیندوو دەبێتەوە و بە وتەی کوڕەکەی “دڵێر”، بەردەوام هەوای “ما میرویم ما میرویم بە کرماشان”١ دەڵێتەوە، بەڵام شکستی ئەم بزووتنەوانە کاریگەرییەکی ناخۆشی لەسەر دەبێ. منداڵی بە گشتی زۆر خۆش ویستووە و ماڵەکەی جێی هاتوچۆی کاڵخۆزنیکەکان بووە و پێوەندییەکی گەلێک خۆشی لەگەڵ خەڵکی زەحمەتکێش هەبووە. لە ڕۆژنامەی پراودا و گۆڤارەکانی دیکەی سۆڤییەتدا زۆرجار بابەت لە سەر گەورەیی کەسایەتیی ئەو لە گەشەسەندنی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی تاجیک نووسراوە.
لەم فیلمەدا کوڕەکانی، گیو و دڵێر، کچەکەی لەیلا و خێزانەکەی خاتوو سیسیلیا لاهووتی، شاعران و نووسەرانی ئێرانی وەکو خاتوو ژالەی اصفهانی، نێرسیس نێرسیسیان، ڕەحیم خۆشیم، شەریف حوسێنزادە، میر سەعید میرشاکار، دیمتری لیاشکۆیچ، ئاندرێ ستانسینسکی و … باسی بیرەوەری و کەسایەتی لاهووتی دەکەن.
لە کۆتاییەکانی دەیەی ٤٠ی زایینیدا کەسانێک لە کاربەدەستانی حیزبی کۆمۆنیستی تاجیکستان نارەحەتی دەکەن و ئەو بە بنەماڵەکەیەوە دەچێتە مۆسکۆ. کاتێک لە ساڵی ١٩٤٧ لە کۆنگرەی ٢ی نووسەرانی تاجیک بەشداری دەکا، سەرەڕای ئەوەی دەنگۆی ٦٠ ساڵە بوونی بڵاو دەبێتەوە کەس پیرۆزبایی لێ ناکات و گوڵی ناداتێ. لە ڕاستیدا ڕێبەرانی ئەو کاتەی تاجیکستان دژایەتی و نارەحەتیان کردوە. لە ساڵی ١٩٥٤ لە دووهەمین کۆنگرەی نووسەرانی یەکیەتیی سۆڤییەت لە مۆسکۆ بەشداری دەکا. بە هۆی ئەو خۆشەویستییەی کە بە ستالینی بوو، کۆنگرەی ٢٠ی حزبی کومۆنیستی یەکیەتی سۆڤییەتی و زانینی هەواڵی ئەو کارەساتانەی کە لە کاتی ئەودا ڕووی داوە شوێنێکی زۆر ناخۆشی لەسەر دادەنێ. کاتێک خرۆشۆڤ سەردانی شۆلۆخۆڤ نووسەری کتێبی”دۆنی هێمن” دەکات لێ دەپرسن خرۆشۆڤ بۆ لای تۆ نەهاتووە؟، دەڵی نا، ئەگەر بێ بۆ لام دەبێ چی بڵێم، ئێمە نووسەر و شاعیرەکان بووین کە ئەو سیمایەمان [مەبەست سیمای باشە]لە ستالین بۆ خەڵکی درووست کرد و لەم کارەدا هەمووومان شەریکین. لە زستانی ١٩٥٧ لە نەخۆشخانەیەک لە مۆسکۆ کۆچی دوایی دەکا. پەرستارەکان باسی ئەوەیان کردوە لە ئاخر خولەکەکانی ژیانی بە زمانی زگماکی قسەی کردووە و کەس لێی حاڵی نەبووە دەیەوێ باسی چی بکا، کوڕ و خێزانی باس لەوە دەکەن کە بە فارسی یان تاجیکی دەبێ قسەی کردبێ. ڕێوڕەسمی ١٠٠ ساڵە بوونی لاهووتی لە ساڵی ١٩٨٧ بە چەشنێکی شکۆدار لە تاجیکستان بەرێوە چوو. لە خولەکانی ٥٣ و ٥٧ هەروەها ئاخرین خولەکی ئەم فیلمەدا گۆرانی و شێعر بە دەنگی لاهووتی بڵاو دەبێتەوە.
ئەم فیلمە مێژووییە، گەلێک زانیاریی سەبارەت بە کەسایەتی و شیعر و ژیانی لاهووتی لە کرماشان، تاران، تەورێز، باکۆ، مۆسکۆ و دوشنبە بە بینەر دەدا کە لەگەڵ ڕووداوە ڕاستەقینەکانی مێژووییدا یەک دەگرنەوە. هیوادارم بکرێ فیلمەکە دوبلە بکرێتەوە یان ژێرنووسی کوردیی لەسەر دابنرێت و لەسەر تەلەفیزیۆنێکی کوردی پیشان بدرێ. لاهووتی ڕۆڵەیەکی گەلی کوردە کە لە یەکیەتی سۆڤییەتیدا گەیشتۆتە پلەی بەرزی وەک جێگری یەکیەتی نووسەرانی سۆڤییەتی.
یادی بەرز و بەڕێز بێت!
لینکی فیلم:
https://www.youtube.com/watch?v=AmN7vwLb-og
***
١. دەڕۆینەوە، دەڕۆینەوە بۆ کرماشان