به‌ڕێز ئا‌نتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان!
به‌ڕێز جۆزێف بۆرێل، لێپرسراوی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی ئورووپا!
له‌کاتێکدا که کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مریکا وه‌ک ده‌رفه‌تێک بۆ که‌مکرانه‌وه‌ی فشاره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌سه‌ر خۆی ده‌بینێ، له ئاستی نێوخۆیی‌دا ئه‌و ڕێژیمه سیاسه‌تی سه‌رکوتی خه‌ڵك و ڕاوه‌دوونانی چالاکوانانی به‌تایبه‌ت له کوردستان چڕتر کردۆته‌وه.
ڕێژیمی ئێران له‌م دواییانه‌دا شه‌پۆلێکی تازه له ده‌ستگیرکردنی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵك له کوردستانی وه‌ڕێ خستووه و ته‌نیا له دوو حه‌وتووی ڕابردوودا نزیکه‌ی حه‌فتا که‌س له خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی کورد له شاره‌کانی مه‌هاباد، بۆکان، سنه، سه‌وڵاوا، سه‌قز، مه‌ریوان، نه‌غه‌ده، پیرانشار، ڕوانسه‌ری کرماشان و ته‌نانه‌ت هێندێك شاری ناوه‌ندی وه‌ک که‌ره‌جی ده‌ستگیر و زیندانی کردووه.
ته‌واوی ئه‌و که‌سانه به‌شێوه‌ی سه‌ره‌ڕۆیانه و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی هیچ جۆره ڕێوشوێنێک ده‌ستگیر کراون و زۆربه‌یان له شوێنی نادیار و له گرتووخانه نهێنییه‌کانی ئیتلاعاتدا ڕاگیراون. وه‌ك له دوایین هه‌ڵمه‌تی ڕه‌شبگیریی خه‌ڵک له کوردستان له پاییزی ساڵی ڕابردوودا دیتمان، له‌و جۆره حاڵه‌تانه‌دا هه‌موو جۆره ڕه‌فتارێك له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رکراوان مومکینه و گیراوه‌كان ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسی زۆر مه‌ترسیدار ده‌بنه‌وه.
ئه‌زموون نیشانی داوه هه‌ر کاتێک کۆماری ئیسلامی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا کایه به کارتی سازان و ڕێککه‌وتن ده‌كا، سه‌رکوتی خه‌ڵک له نێوخۆی وڵات‌دا توندتر ده‌کاته‌وه. ئه‌مه به‌تایبه‌تی بۆ کوردستان ڕاسته که کۆماری ئیسلامی له ڕوانگه‌یه‌کی ته‌واو ئه‌منیه‌تییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كا.
ئێمه وێڕای گه‌یاندنی نیگه‌رانیی خۆمان و که‌سوکاری گیراوه‌کان، داوا له ئێوه و دامه‌زراوه پێوه‌ندیداره‌کانی به‌رده‌ستتان ده‌که‌ین له به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌پۆله نوێیه له سه‌رکوتی کورده‌کان له ئێران‌دا بێده‌نگ نه‌بن و هه‌نگاوی پێویست بۆ هۆشداریدان به کۆماری ئیسلامی له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌ڵبێننه‌وه.
له‌گه‌ڵ سوپاس و ڕێز
خالید عه‌زیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
٢٦ی ژانویه‌ی ٢٠٢١