لە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ڕێژیمی ئێران، ڕێژیم نیگەرانە لەوەیکە، کەشێکی ساردوسڕ و بێدەنگییەکی زاڵ لەهەمبەر هەڵبژاردنەکاندا بەربڵاوە.
ڕەحمان فەزڵی وەزیری ناوخۆی ڕێژیمی ئێران وتی: خەڵکی ئێران بەگشتیی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٤٠٠ هیچ هەڵوێست و هەڵسووکەوتێکی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان نیشان نادەن و بۆیان گرینگ نییە هەڵبژاردنەکان بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا.
بەپێی هەواڵی “دویچە وێلە” کەشی ساردوسڕی ئێران بە نیسبەت هەڵبژاردنەکان، لای بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نیگەرانیی زۆری لێکەوتۆتەوە و ناشیانهەوێ هۆکاری ئەو ساردوسڕی و بێدەنگییەی خەڵک ئاشکرا بکەن.
ڕەحمان فەزڵی وتوویەتی: هێشتا کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە و هەڵوێستی گشتیی خەڵک سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان و هیچ هەڵسووکەوتێکیان نیشان نەداوە، بەڵام ئێمە پیمانوایە ئەمساڵیش وەکوو ساڵانی ڕابردوو هاووڵاتییان بەهەمان شێوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن و خەڵک خۆیان لە هەموو شتێک باش تێدەگەن کە دەبێ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.