لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی ورمێ، و بۆکان کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزاییەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان دەسبەسەر و ڕوانەی بەندیخانە کران.
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، سالار چاوەشی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “حاجی لەک” سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
سالار چاوەشی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانانی ٩٩، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەر و دوای تەوابوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە شێوەی کاتیی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی “فواد محەمەدپوور” هاوکات لەگەڵ دەسبەسەر کردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی بۆکان دەسبەسەر کرا و بە مەبەست تێپەڕاندنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.
فواد محەمەدپوور ڕۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەر و مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکان بە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ سزاکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، بۆ ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
هەروەها، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی باوانی ورمێ بە ناوی “حەسەن بەراتی” بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا.