٥کەس لە بەندکراوانی سیاسیی خەڵکی ئەهواز کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین لە ئەشکەنجەکردنیان لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە و هەروەها پێنەدانی مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکانیان مانیان لە خواردن گرت.
سەرچاوە مافی مرۆییەکانی ئەهواز ڕایانگەیاند کە ٥کەس لە بەندکراوانی سیاسیی ئەهوازی بە ناوەکانی” جاسم حەیدەری، عەلی خوسرەجی، حوسێن سیلاوی، عەلی مۆتیری و عەلی موجەدەم” بەهۆی ئازار وئەشکەنجەی زۆرەوە لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەهواز و هەروەها پێنەدانی مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکانیان، بۆناڕەزایەتیی دەربڕین لەو بارودۆخەی کە ئێستا تێیدان لێوی خۆیان دووریوەتەوە و مانیان لە خواردن گرتووە.
شایانی باسە کە ناوبراون بە تۆمەتی شەڕی چەکدارانە لە گەڵ ڕێژیمی ئێران وهەروەها هەوڵدان بە دژی ئاسایشی وڵات، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەهوازەوە بە تۆمەتبار ناسراون و بە لێدان و ئەشکەنجەی زۆر دانپێدانانی زۆرە ملێیان لێوەرگرتوون و لە کاتی ئەشکەنجەداندا دەست و لاقیان شکاندووە و دواتریش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.