هیلاری کلینتۆن بڕیاری داوە کە لەسەر ژیانی “کچانی کۆبانی” زنجیرە فیلمێکی تلەویزیۆنی دروست بکات و لەو فیلمەدا ژیانی کچانی کۆبانی بە کۆمەڵگەی جیهانی نیشان بدات.
بەپێی هەواڵنێری “هالیوود رێپۆرتێر”ی ئەمریکا، هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا لەگەڵ کچەکەی، لەڕێگەی ئەو کۆمپانیایەی کە خۆیان تازە دایانمەزراندووە و لەڕووی کتێبی “ژیانی کچانی شۆڕشگێری کورد” کە لە کۆبانی و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە ڕۆڵی گرینگیان هەبووە لە تێکشکاندنی داعش، زنجیرە درامایەک بۆ بڵاو کردنەوە لە ئەمریکا و تەواوی جیهان، بەرهەم دێنن.
هیلاری کلینتۆن لەبارەی بەهێزیی ژنانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوەرۆکی کتێبەکە بە هالیوودی وت: کچانی کۆبانی قارەمانیی ژنانی شۆڕشگێڕی کورد نیشان دەدات و ئێمەش دەمانهەوێ ئەو قارەمانەتییە پێشانی کۆمەڵگەی جیهان بدەین بۆ ئەوی دنیا تێبگات کە کچانی شۆڕشگێڕی کورد چ ڕۆڵێکیان هەبووە لە شەڕی داعشدا.
زنجیرە درامای ناوبراو لەڕووی کتێبی “کچانی کۆبانی” کە نووسەرەکەی “گیل لێمۆن”ە و یەکێک لەو نووسەرە بەنێوبانگانەیە کە هەمیشە کتێبەکانی زۆرترین کڕیاریان هەیە، ئەو کتێبە کە ساڵی ڕابردوو چاپ و بڵاو کرایەوە و باس لە ژیانی هێزی یەکگرتووی ژنانی شۆڕشگێری کورد دەکات کە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی وڵاتی سووریەیان لە دەستی تێرۆریستانی داعش پاراست.