ئەندۆنێزی ڕایگەیاند کە دەستمان بەسەر نەوتهەڵگرێکی ئێرانیدا بە ٣٦ کەس لە کارمەندەکانیەوە گرتووە کە بە شێوەی نایاسایی خەریکی گواستنەوەی نەوت بوون.
ویشنۆپرامادیتا، وتەبێژی ئاژانسی ئاسایشی دەریایی ئەندۆنێزی، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لەهەمبەر دەسبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگرە ئێرانییەکە وتی: بەدوای ئاگادار بوونەوەمان لە کوژاندنەوەی شوێنهەڵگری کەشتییەکی ئێرانیی و بەدواداچوون، کەشتییەکانمان بینیووە کە بە شێوەی نایاسایی خەریکی گواستنەوەی نەوت بوون، بۆیە هێزە دەریاییەکانی ئەندۆنێزی دەستیان بەسەر کەشتییەکە و٣٦کەس لە کارمەندانی کەشتییەکەدا گرتووە.
ناوبراو دەڵێ: ئەو دوو کەشتییە بەشێوەیی نایاسایی و لە ڕێگای شیلەنگەوە خەرێکی گواستنەوەی نەوت لە کەشتییە ئێرانییەکە بەناوی” ئێم تی هۆرس” بۆ کەشتی”ئیم تی فێری” وڵاتی پاناما بوون، هەربەم هۆکارە دەستیان بەسەردا گیراوە.
وتەبێژی ئاژانسی دەریایی لە درێژەدا وتی: هۆکاری سەرەکیی بۆ دەسبەسەرداگرتنی ئەو نەوتهەڵگرانە پێشیلکردنی یاسایی هاتوچووی دەریایی بە کوژاندنەوەی شوێنهەڵگرەکانیان و هەروەها گواستنەوەی نەوت بە شێوەی نایاسایی و پیسکردنی ژینگەی دەریایی بووە.