ڕێژیمی ئێران چاوەڕیی یەکەم هەنگاوی دیپلۆماتیکی جۆ بایدن دەکەن بۆ ئەوەی گوشارەکانی سەر ئەو رێژیمە کەم بکرێنەوە.
باڵویزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێ: تاران هیچ بەرنامەیەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەتی” جۆ بایدن”دا نییە و چاوەڕێی ئەوە دەکات کە سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا یەکەم هەنگاو بە نیسبەت لابردنی گەمارۆ، گوشار و گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتنی “ناوکی” بنێت.
مەجید تەختڕەوانچی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لەیەکەمین وتووێژی خۆیدا دوای دەسبەکار بوونی “جۆ بایدن” وەکوو سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەگەڵ کاناڵی “ئێنبیسی” گوتی: ڕێژیمی ئێران تا ئێستا لەگەڵ دەوڵەتی نوێی ئەمریکا هیچ وتووێژێکی نەکردووە، بەڵام تاران چاوەڕێ دەکات کە جۆ بایدن سەبارەت بەو مەبەستە هەنگاو بنێت.
جێی ئاماژەیە کە لەو وتووێژە تلویزیۆنییەدا پرسیار لە باڵوێزی ڕێژیم کراوە کە، ئایا بەرنامەیەکتان هەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ واشینگتۆن؟ یان بە نێوبژێوانی وڵاتێکی دیکەی وەکوو “سووئیس”؟ ناوبراو لە ولامدا وتی: ئێمە بەهیچ شێوەیەک دەسپێشخەر نین بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا.