سەرۆک وەزیرانی یەمەن: بەتێرۆریست ناساندنی میلیشیا حوسییەکانی یەمەن، لە لایەن ئەمریکاوە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران.
موعین عەبدولمەلێک، سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی یەمەن، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی وتی: بڕیاری دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی میلیشیا حوسییەکانی یەمەن، دەبێ لە لایەن یەکیەتیی ئورووپا و کۆمەڵگەی جیهانییەوە پێشوازی لێبکرێ، بەڵکوو بەم شێوەیە پێش لە کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەم گرووپە لە ناوچەکەدا بگیردرێ و میلیشیا تێرۆریستە حوسییەکانی یەمەن نەتوانن بەرنامە و پیلانە تێکدەرانە و تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا جێبەجێبکەن.
ناوبراو لە دانیشتنێکی ئۆنلایندا لە گەڵ باڵویزەکانی وڵاتانی ئورووپایی داوای لە وڵاتانی ئورووپایی کرد کە هەموو وڵاتانی جیهان دەبێ یەکدەنگ پەردە لەسەر جنایەت و کارو کردەوە تێرۆریستییەکانی میلیشیا حوسییەکانی یەمەن لابدەن و ئیزن نەدەن ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپە میلیشیاکانی سەر بەتارانەوە، درێژە بە دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە وجیهاندا بدا.
سەرۆک وەزیرانی یەمەن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە میلیشیا چەکدارە حوسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران، هێرشێکی تێرۆریستییان کردۆتە سەر فڕۆکەخانەی یەمەن و لەم کردەوە تێرۆریستییەدا دەیان کەس لە خەڵکی مەدەنیی کوژراون.