ڕووخاندنی مزگەوتی جامێعەی نوور لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ناڕەزایەتیی خەڵکی بەلووچستانی لێکەوتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری پەهرەی بەلووچستان، بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین و کاردانەوە لە هەمبەر ڕووخانی مزگەوتی جامێعەی نوور لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بەردەم بینای ئەو مزگەوتە کۆبوونەوە.
هاووڵاتییانی ئایینیی سونی خەڵکی بەلووچستان پێکهاتوو لە چالاکانی مەدەنی و ئایینیی ئەو شارە بە کۆبوونەوە و گوتنەوەی دروشم لە بەردەم بینای مزگەوتی جامێعەی ئەو شارە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر ڕووخاندنی ئەو مزگەوتە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەربڕی.
شایانی باسە کە ئەم کارەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕووخاندنی مزگەوتی سونییەکانی بەلووچستان، ڕووبەڕووی کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری چالاکانی مەدەنی و ئایینیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆتەوە و هەواڵەکان باس لە تێکهەڵچوونی هێزەکانی ڕیژیم و خەڵکی ئەو شارە دەکەن و ڕیژیم ئەو شارە و چەندین شاری دەورووبەری بە تەواوەتیی میلیتاریزە کردووە.












