حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو کورتە فیلمەی کە لەلایەن ئێرانەوە ساز کراوە بە نێوی ” تەوەکۆل” یان “ئەگەر قاسم سولەیمانی نەبویە هەولێر دەکەوتە دەستی داعش” ناڕەزایەتیی دەربڕی و ئەو بانگەشەی رێژمی ئێرانی بە زێدەڕۆیی و چەواشەکاری دانا.
ئیدارەی پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ کونسوولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر بڵاو کردنەوەی ئەو فیلمە لە هەوالدەریی فارس کە سەر بە سپای پاسدارانە، لە ژێر ناوی ” ئەگەر قاسم سولەیمانی نەبویە هەولێر دەکەوتە دەستی داعش “، وتوویانە کە ئێران یەکەم وڵات بووە کە چەکوچۆڵی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە بەڵام مافی ئەوەی نییە چەواشەکاریی بکا و بە بێرێزییەوە باسی هەرێمی کوردستان و سیمبۆلەکانی کورد بکا.
شایانی باسە کە لەو فیلمە ٩ خولەکەیەدا کە بانگەشە دەکەن کە قاسم سولەیمانی لەکاتی نزیک بوونەوەی داعش لە هەولێر، هەرێمی کوردستانی لە چنگ داعش ڕزگار کردووە و ئەگەر ناوبراو بە ٧٠ کەس هێزی ئێرانییەوە نەبوایەن هەولێر دەکەوتە دەستی داعش.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران و سلێمانییەکەی بە بێ هێزی ئەمریکایی و پێشمەرگە هیچ شارێکیان لە داعش بۆ پاک نەکرایەوە.












