چالاکانی سیاسی و مەدەنی: دەسبەسەرکراوەکان، ئازاد بکەن و کۆتایی بەو سەرکوتە و دیکتاتورییەتە بێنن.
ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان، لە بەرامبەر ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنیی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە کوردستان وەدەنگ هاتن و نامەیەکی کراوەیان نووسیوە و وێڕای نیگەرانی دەربڕین لەو سەرکوتە داوایان کردووە، بە زووترین کات دەبێ ئەو چالاکانە ئازاد بکرێن و کۆتایی بەو تەوژمی سەرکۆتکردنە بهێنرێ.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبارەوە لە شارەکانی بۆکان، پیرانشار، سەوڵاوا، مەریوان، ڕەبەت، نەغەده، سنە، سەقز، پاوه، کرماشان و مەهاباد، لانیکەم ٧٠ کەسیان دەسبەسەر کردووە.
لەو نامەیەدا هاتووە کە:
ئێمە وەکوو ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی وێڕای نیگەرانی دەربڕین لەم دەسبەسەرکردنانە لە کوردستان، داوامان ئەوەیە ئەم کەشە کە رەخساندووتانە و ئەم شەپۆلە سەرکوتکردنە کۆتایی پێ بێت و دەسبەسەر کراوەکان ئازاد بکرێن.
ئەم دەسبەسەر کردنە بەرفراوانە و دڵەڕاوکێی بنەماڵەکان و ئەم شاڵاوی گرتن و بردنە، نیگەرانییەکانی دوو بەرامبەر کردووە زۆربەی بنەماڵەکان نازانن منداڵیان لە سەر چی دەسبەسەر کراون و تەنانەت نازانن لە کوێ ڕاگیراون.