دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی مەریوان و پیرانشار بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی شارەدێی نێ سەر بە شاری مەریوان بە ناوی “زانا کەسرایی” هاووڵاتی خەڵکی مەریوان لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای سێ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، “زاهیر پەسوپیش” هاووڵاتیی خەڵکی گوندی چیانەی پیرانشار لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی تاران سزای ٣ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
جێی ئاماژەیە کە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران بە تۆمەتی جۆراوجۆر خەڵکی کوردستان دەسبەر و ئازار و ئەشکەنجەیان دەدات بۆ ئەوەی مل کەچی یاسا و ڕیساکانی ڕێژیمی ئێرانیان بکا، بەڵام خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان بەهیچ شێوەیەک ناچنە ژێر یاسا و ڕێساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپەرچی هەوڵەکانی ئەو رێژیمە دەدەنە.