هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی دوو حەوتوودا زیاتر لە ١٣ چالاکیی بەلووچیان لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە داوە.
بەپێی هەواڵی کاناڵی ئێران ئینتێرناشناڵ رۆژی شەممە ٤ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا “ناسر بەلیدەیی” سکرتێری گشتی حیزبی خەڵکی بەلووچستان، لە بەرنامەی”چشم ئەنداز” ڕایگەیاند کە لە ماوەی دووحەوتووی ڕابردوودا زیاتر لە ١٣ کەس لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی خەڵکی بەلووچ بە هۆکاری نادیار لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.
ناوبراو لەدرێژەی چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێ: ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون هەرکامیان زیاتر لە ١٠ساڵ لە بەندیخانەدا بوون و بەبێ هۆکار لە سێدارە دراون.
بەلیدەیی هەروەها ڕایگەیاندکە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی ٤ دەیە دەسەڵاتداریی خۆیدا بەردەوام و بە شێوەی بەرچاو دەنگی نەیارانی خۆی کپ دەکا و بە دەسبەسەرکردن و سەرکوت و ئازار و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان هەوڵی لە ناوبردنی نەیارانی خۆی دەدا.