ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەریوان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەریوان، بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و دروشمی تایبەت و هەروەها ناردنی گرتە ڤیدیۆ، چالاکییەکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد و یادی ئەم ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.
سەرەڕای گوشارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەسبەسەرکردنی چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی کورد لە هەموو شارەکانی کوردستان، ئەندامانی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مەریوان، بەبۆنەی یادی دامەزرانی کۆمارە مەزنەکەی کوردستانەوە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانی و حیزبییەکانیان بەڕێوەبرد.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە وێڕای سپاس و دەسخۆشی لە ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزب لە شاری مەریوان ، هیوای بەردەوام بوون لە ئەرکەکانیان بۆ بەئاوات دەخوازێ.