کێشەی نێوان میلیشای “فاتمیون”ی سەربەڕێژیمی ئێران کە لە سووریە و عێراق نیشتەجێن و میلیشیای “عەباس”ی سەربە عەلی سیستانی ڕێبەری ئایینی شێعەکانی عێراق، ئیدی بۆ شاردنەوە نابن، پێشتر کێشەکان سەریهەڵدەدا و چارەسەر دەکرا، بەڵام ئەمجارەیان کێشەکانیان قووڵتر بۆتەوە و بە ئاشکرا دژایەتی یەکتر دەکەن.
کاناڵی “گورگەکانی ئەلکترۆنیکی”ی سەربە میلیشاکانی “فاتمیون”، هێرشی بەربڵاویان کردۆتە سەر “مەیسەم ئەلزەیدی” بەرپرسی میلیشیاکانی “عەباس”ی سەربە “عەلی سیستانی” ڕێبەری ئایینی شێعەکانی عێراق و ڕایانگەیاند کە، “ئەلزەیدی” نوێنەری وڵاتێکی دیکەیە نەک شیعەکانی عێراق.
نیشانەکانی چەند باڵیی و کێشەکانی ئەو دواییانەی نێوان باڵەکانی عێراقی سەربە عەلی سیستانی و باڵەکانی دیکەی حەشدی شەعبی کە سەربە ڕێژیمی ئێرانن، بەتایبەت لە خۆپێشاندانەکانی عێراق بە ئاشکرا دیارە کە سیستانی پشتیوانی لە میلیشیاکانی خۆی دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران، لەحاڵێکدا کە ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی توندی لە سەرهەڵدانی خۆپێشاندەران گرت و هەوڵیدا لەڕێگەی میلیشیاکانی خۆیەوە کۆتایی پێبهێنێت.












