لەسەر بانگێشتی کۆڕی فێرکاری و فەرهەنگیی فێرگەی زمانی کوردیی ئەدەب لە شاری بۆکان، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ۲ی ڕێبەندان لە ڕۆژی پێنجشەممە، ۲ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹۹ لە شوێنی ئەو ناوەندە لە پاساژی شارەداری بەڕێوە چوو. لەو ڕێوڕەسمەدا دوکتور مستەفا ئیلخانیزادە وتارێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە ۲ی ڕێبەندان و گرینگیدان بە یادی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد و ڕەخنەی لەبە تاڵانبردنی ئاوی بەنداو و چۆمەکانی پارێزگای ورمێ، وەک ئاوی بەنداوی سێڵوێ بۆ گۆلی ورمێ و تەورێز و وەبن ئاو کەوتنی چەندین گوندی ناوچەی پیرانشار و هەروەها ئاوی بەنداوی بۆکان بۆ شارەکانی بناو و مەلەکان و تەورێز و بردنی کانزاکانی بەردی مەڕمەڕ و ئاسن و ئالۆمینیۆمی بۆکان و زێڕی زەڕەشۆرانی تیکاب بۆ شارەکانی دیکە گرت.
ناوبراو هەروەها ئیدانەی بێڕێزیی پێشکەشکارێکی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی بە جلوبەرگی کوردی کرد.
لە بەشێکی دیکەدا سەبارەت بە چالاکییەکانی ناوەندی «ئەدەب» بۆ فێرکاری دوا و خەڵکی بانگهێشت کرد بۆ بەشداریکردن لە خولەکانی فێرکاریی ئەو ناوەندە. پاشان مامۆستا حوسێن شێربەگی، کاک خالید عەسکەری، کاک ئەیووب ئەحمەدی، سەیزادە قاقان قادری و خاتوو ئامینە چاک و خاتوو نوسرەت سەوارە شیعر و وتاریان پێشکەش کرد.
ڕێوڕەسمەکە بە بەخشینی بڕوانامە بە فێرخوازانی خولەکانی فێرکاریی زمانی کوردی کۆتایی هات.