ڕووبەروو بوونەوەی نێوان عەرەبسانی سعوودی و ئێران لە بازاڕی نەوتدا، کارتێکەرییەکی زۆری لە سەر بازاڕەکانی مامەڵەی نەوتی جیهان داناوە.
مەترسیی لە کەمی هەناردەکردنی نەوتی ئەو دوو وڵاتە کە لەڕیزی یەکەمو سێهەمین وڵاتانی ههناردهی نەوتی جیهاندان، بە هۆی کێشەی نێوانیانەوە، وڵاتانی کڕیاری نهوتی تووشی گومانو دووڵی کردوە.
بهپێی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ نرخی هەر بۆشکه نەوتی برێنت ڕۆژی سێشەممە بە زیاتر لە ٣٧ دۆلار فرۆشرا، ئەوە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێشتر نرخەکەی لەوە زیاتر بوو. ئێران یەکێک لە وڵاتانی خاوەن دەسەڵاتی ڕێکخراوی ئۆپێکەو ئەو ولاتە بە نیازە کە پاش هەڵگیرانی سهرجهم سزا نێودەوڵەتییەکان لە سەری، ئاستی هەناردەی نەوتی خۆی، لە دوو دەورەی بە دوای یەکداو هەر جارەی ٥٠٠ هەزار بۆشکه لە ڕۆژێکدا زیاد بکا.
کارناسانی نهوت دهڵێن ئەو کارەی ئێران دەتوانێ کارتێکەریی نالەبار بکاتە سەر سیاسەتە نەوتییەکانی ئۆپێکو بازاڕی جیهانی نەوتیش تووشی ئاڵۆزی بکا. کاربەدەستانی ئێران بە نیازن کە بە فرۆشی نەوتی زیاتر، باری ئاڵۆزی ئابووریی وڵاتەکەیان تا ڕادەیەک ببوژێنەوەو ئەوەش دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ سەرهەڵدانی ئاڵۆزی زیاتر لە نێوان عەرەبستان و ئێراندا. هاوکات وڵاتی عەرەبستان کە هەموو کات بە دوای بە دەستەوە گرتنی جڵەوی ڕێکخراوی ئۆپێکەوە بووە، ئامادە نیە ئاستی هەناردەی نەوتەکەی بێنێتە خوارەوەو ئەوەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی زیاتر لە بازارەکانی نەوتو دابەزینی زیاتری نرخی ئەو کاڵا گرینگە.