زیباکەلام لە وتووێژێکدا لەگەڵ(ئینساف نیوز): هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا هیچ مانایەکی نییە، ڕێفۆرمخوازەکان بێئابڕوو بوون و ئەگەری زۆری هەیە توندئاژۆکانیش لەگەڵ ”جۆ بایدێن” ڕێکبکەون.
سادق زیباکەلام، چالاکی سیاسیی ڕێفۆرمخواز، لە وتووێژێک لەگەڵ “ئینساف نیوزدا”:” دوای چەندین ساڵ بەوە ئاکامە گەیشتم کە هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیدا بێ مانایە و ڕێفۆرمخوازەکان لە نێو خەڵکدا هیچ ئابڕوویەکیان نەماوە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٤٠٠ دا هێزە توندئاژوەکانیش دوای ئەوەیکە دەسەڵاتیان بە تەواوی خستە ژێر دەستی خۆیان، ئەگەری زۆرە لەگەڵ “جۆ بایدن” پێک بێن.
ناوبراو لەو وتووێژەدا وتی: کە هەڵبژاردنی ١٤٠٠ وەک مردوویەک وایە کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێ زیندووی بکەیەوە و ئەو ٢٤ میلیۆن کەسەی کە دەنگیان دا بە “حەسەن ڕۆحانی” ناچنە سەر سندووقی دەنگدان و بۆیە هەلبژاردنی ساڵی داهاتوو بێ مانایە وتەنیا بە فیڕۆدانی کاتە و ئەو بێ ئیعتبارییە بە نیسبەت هەڵبژاردنەکان تەنیا لە تاران نییە بەڵکوو هەموو شارەکانی ئێران دەگرێتەوە، خەڵک ناچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و هیچ باوەڕیان بەو هەڵبژاردنانە نییە و لە دوایین هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی، نوێنەرانی ڕێفۆرمخوازەکان تەنانەت پێنج دەنگیان نەهێناوە.
زیباکەلام دەڵێ: لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا سەرۆکۆمار، بەڕێوەبەری مەجلیس و دەزگای قەزایی هیچ کارە نین و هیچ دەسەلاتێکیان نییە و ٢٤ میلیۆن کەس کە دەنگیان دابوو بە ڕۆحانی هیچ، ئەگەر ٢٤٠ میلیۆنیش لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدەن، ڕێگە نادەن کە یەک میلیم لە دێموکراسی نزیک ببنەوە و من تا دوێنێ وامدەزانی کە دەتوانین لە ڕێگای سندوقی دەنگدان لە گەیشتن بە دێموکراسی نزیک بینەوە بەڵام ئێستا بەو ئاکامە گەیشتووم کە ناهێڵن، ڕێفۆرمخوازەکان هیچیان ڕوون نییە و نە ڕێبەرێکیان هەیە نە تەشکیلات و سازماندەیی و نە بەرنامە و ئامانجێکی ڕوونی سیاسی.
زیباکەلام لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێ: من لەو باوەرەدام کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو گرووپە توندئاژۆکان بە پشتگەرمیی بە دەنگدانی لە سەتا ٢٠ دەسەڵات بە تەواوی دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و ترامپیش وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا دەسەڵاتی نەماوە و ئەگەری زۆری هەیە لە گەڵ جۆ بایدن ڕیکبکەون و بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنەکانی بەرجام.