شاخەوانانی کوردستان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان چیای سەری گۆمێیان بەزاند و ٢ی ڕێبەندانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٣ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی،۱۱۹ شاخەوان لە ناوچەکانی سەردەشت، پیرانشار و میرائاوا، بە ئەوینی کۆماری کوردستانەو،لە بارودۆخێکدا کە کوردستان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە میلیتاریزە کراوە، لوتکەی جیای سەری گۆمێیان بەزاند و یادی ٢ی رێبەندانیان پیرۆز کرد.
ڕێژیمی ئێران بەردەوام و بەتایبەت لەم ماوەیەدا دەستی بە ڕەشبگیریەکی بەرین لە ڕۆژهەڵاتدا کردووە و زۆرێک لە لاوانی کوردستانیان دەسبەسەر کردووە، بەڵام کچ و کوڕانی ئەوینداری نیشتمان و کۆماری کوردستان، قەت کۆڵیان بە ڕێگرییەکانی دەسەڵاتدارانی تاران نەداوە و بەردەوام لە هەوڵی ئازادی و سەربەستیدان.
لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پڕبە دڵ سپاسی شاخەوانان و ئەویندارانی کۆماری کوردستان دەکەین و هیوای بەردەوامییان لە ئەرکەکانیاندا بۆبە ئاوات دەخوازین.