ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەناوچە جیاجیاکانی شارەکانی مەهاباد و بۆکان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان، بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و دروشمی تایبەت، چالاکییەکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد و یادی ئەم ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.
ئەو شوێنانەی کە لە مەهاباد چالاکییان لێکراوە بریتین لە: ناوچەی چۆمی مەجیدخان، گوندەکانی سەرچنار، حاجی لەک، سەوزی، قەرەگوڵ.
هەروەها لە بۆکانیش ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆز و چالاکی حیزب، شارۆچکەی سیمینە و ناوشاری بۆکانیان بە دروشمی تایبەت بە ٢ی رێبەندان ڕازاندەوە.
لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سپاس و دەسخۆشی لە ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزب لە شار و ناوچەکانی مەهاباد و بۆکان، هیوای بەردەوام بوون لە ئەرکەکانیان بۆ بەئاوات دەخوازین.