حەمید مەلەکۆلکەلامی، پیاوێکی خەڵکی سنەیە کە نیوسەدە لە ژیانی خۆی لە پێناوی خاوێنکردنەوە و پاراستنی ژینگەی کێوی ئاویەر و خزمەتی خۆبەخشانە بۆ نیشتمانەکەی تەرخانکردووە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە شاری سنە، حەمید مەلەکۆلکەلامی، پیرە پیاوێکی خوێنشیرین وژینگەپارێزی نیشتماندۆستی سنەییە کە ٥٠ ساڵە ژیانی خۆی لە پێناو پاراستنی ژینگەی ئاویەر و کۆکردنەوەی زبڵ وخاوێنکردنەوەی کێوی ئاویەر و مێوانداریی خۆبەخشانە بە دەمکردنی چای و قسەی خۆش بۆ میوانانی ڕۆژانەی ئەو شوێنە و گرتنی کۆڕ و کۆبوونەوەی ژینگەپارێزی و قسە کردن لە بارەی ژینگە و گرینگیی پاراستنی نیشتمانەوە تەرخان کردووە.
ئەم پیاوە بێوێنە و نموونەیە نیوسەدەیە کە بێدەنگ و بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک خزمەتی دڵسۆزانەی ژینگەی نیشتمانەکەی دەکا و خەڵاتکردنێکی ڕواڵەتیی لەزانکۆی کوردستان لە شاری سنە ولە لایەن ئەندامانی شۆرای ئەو شارە بۆ ناوبراو ناڕەزایەتیی ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنیی ئەو شارەی لێکەوتەوە.
ژینگە پارێزان و چالاکانی مەدەنیی شاری سنە دەڵێن ئەندامانی شۆرای شاری سنە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی خۆیان کەڵکی خراپیان لە نێو و نێوبانگی ئەو پیاوە دڵسۆزەی شارەکەمان وەرگرتووە.