ئیقباڵ شانەزەری، بەڕێوەبەری گشتیی شیركەتی ئاوی ناوچەیی پارێزگای سنە دەڵێ لە بابەت دابەزینی ئاستی ئاوە ژێرزەوییەكان لە دەشتەكانی قوڕوە و دێولان نیگەرانە.
بەڕێوەبەری گشتیی شیركەتی ئاوی ناوچەیی پارێزگای سنە لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانیو بەداخبوونی خۆی هۆی دابەزینی ئاستی ئاوە ژێرزەوییەكانی ئەم دەشتانەی بۆ لێدانی بێ ئەژماری بیرە قووڵەكان گەڕاندۆتەوە.
ئەو دەڵێ لەم دەشتانە ١٧٩٤ بیری قووڵو نیوەقووڵیان دەستنیشان كردوە كە هەموویبەبێ مۆڵەتو بە ناقانوونیلێدراون. بە قسەی ناوبراو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا تەنیا ٣٠٦ بیری ناقانوونی لەم پارێزگایە پڕ كراونەتەوە.
هێندێك لە دەشتەكانی پارێزگای سنە وەك دەشتەكانی دێولان، قوروە و چەرداولی وەك دەشتی قەدەغەكراو دیاری كراون.
بە قسەی شانەزەری، ئاستی ئاو لەم دەشتانە تا ٦٠٠ میلیۆن میتری چوارگۆشە دابەزیوەو ئەگەر هیچ مشوورێك بۆ چارەسەری ئەم گرفتە نەخۆن، لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم دەشتانە بە تایبەت دەشتی دێولان دەبنە شۆرەكات.
ناوبراو ساڵی ڕابردووش گوتبووی كە ١٢ هەزار هێكتار لە زەوییە گشتوكاڵییەكانی دەشتەكانی قورە، دێولانو چەرداولی لە ڕێگەی ناقانوونییەوە بە ئاوە ژێرزەوییەكان ئاودەدرێن.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان لە ١٠ تا ١٥ ساڵ لەوە پێشەوە، سەدی ٧٠ی پاشەكەوتی ئاوە ژێر زەوییەكانی ئێران تا ئاستێكی بەرچاو لە كەمییان داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی وزە ڕایگەیاندووە كە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم بڕە ئاوەی كە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لەم سەرچاوە ژێر زەوییانە هەڵگیراوە، بۆ ماوەی ١٥ ساڵ نەتەنیا نابێ كەلك لەم سەرچاوە ژێرزەوییانە وەبگرن، بەڵكوو پێویستە هەموو ساڵێ بڕێكی زۆر ئاو وەك پاشەكەوت بۆ ئەم سەرچاوە ئاوییانە بگێڕنەوە.