هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سنە نزیکەی سێ حەوتوو پێش ئێستا لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی مێراو سەر بە شارۆچکەی سیروان و هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٧ ساڵیان بە ناوی ”عەبدوڵلا ئاساڵ” کوڕی ڕەحیم دەسبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات شەوانە و بە بێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەکان برای گەورەی عەبدوڵلایان داوەتە بەر لێدان و کوتان و بردوویانە، بەڵام دوای یەک کاتژمێر گەڕاونەتەوە و براکەیان ئازاد کردووە و ئەمجارەیان خودی عەبدوڵلایان دەسبەسەر کردووە.
شایانی باسە که هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و سەرەڕای تێپەڕینی نزیکەی سێ حەوتوو لە دەسبەسەر کرانی ناوبراو، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.