لە ماوەی ٨ مانگی سەرەتای ساڵی ٩٩ی هەتاوی، لە ئێران ڕۆژانە ١٥ کەس لە ڕێگای خۆکوژیی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “اعتماد” لە ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاویدا، لە زمان سەرچاوەیەکی سەر بە ناوەندی پزیشکیی قانوونیی ئێرانەوە ئاماژە بەوە کراوە کە:” لە ماوەی ٨ی مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە ١٥ کەس لە ئێران لە ڕێگای خۆکوژییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ئەو ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو سەتا ٤.٢ بەرز بووەتەوە”.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ساڵی ڕابردوو ٥هەزار و ١٤٣ کەس لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە بە شێوەی نێونجی دەکاتە ڕۆژانە ١٤ کەس و ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ئاماری خۆکوژییەکان بەرز بووەتەوە و لە هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣هەزار و ٥٨٩ کەس پەنایان بۆ خۆکوژیی بردووە و گیانیان لەدەستداوە.
شایانی باسە کە دۆخی خراپی ئابووریی، بێهیوایی، هەژاریی، خەمۆکیی، لە سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژیین لە ئێراندا و جگە لەو ئامارانە ساڵانە بە سەدان کەسی دیکە لە ڕێگای خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانیان دەهێنن و لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە ڕاناگەیێندرێ و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش، تا ئێستا لەو بوارەوە هێچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە بنبڕ یان لانیکەم کەم بکرێتەوە.












