لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوشاری هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر گرووپی مۆسیقای ژنانی “گلاریس” لە کرماشان زیادی کردووە و جیا لە دەسبەسەرکرانی دوو ئەندامی ئەم گرووپە سەرجەم ئەندامانی گرووپەکە بانگ کراون و بەڵێننامەیان پێ واژۆ کردوون.
ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی. دوو کەس لە ئەندامانی گرووپی مۆسیقای ژنانی “گلاریس” لە کرماشان، بە ناوەکانی “نازەنین ئەتابەکی” و “نەسرین یەزدانیپوور” کە دەنگبێژ و گۆرانیبێژی گرووپەکەن، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و دوای لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەندامانی گرووپەکە کە پێکهاتوون لە نازەنین ئەتابەکی، سەمیرا فەرەحناکی، مەلیحە مورادی، نەسرین یەزدانیپوور و ئیلهام یەزدانیپوور وەک سەرپەرشتیاری گرووپەکە، چەندین جار لەلایەن ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم بانگ کراون و کەوتوونە ژێر گوشارەوە.
شایانی باسە کە گرووپی ژنانی گلاریس، لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی، لە کرماشان دامەزراوە و لە بواری مۆسیقای فۆلکلۆر و ڕەسەنی کوردیدا چالاکیی دەکا و تا ئێستا چەندین کۆنسێرتی لە شارە جیاوازەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بردووە