جێن ساکی وتەبێژی نوێی کۆشکی سپی، ئێوارەی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، لە یەکەمین لێدوانی رۆژنامەوانی دوای سوێند خواردنی، بە ئاماژەکردن بە دۆسییەی ناوکی ڕێژیمی ئێران، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، ئەو بابەتە بەشێکی گرینگە لەو ڕاوێژانەی کە جۆ بایدن لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا بەزووترین کات دەستپێدەکات.
وتەبێژی کۆشکی سپی هەروەها ڕایگەیاند کە، دەوڵەتی نوێی ئەمریکا لە هەوڵدایە تا بەربەستەکانی ناوکی دژ بە ڕێژیمی تاران، توندتر بکاتەوە، پێشتر جۆ بایدن جەختی کردبووە کە لەڕێگەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکاییەوە بەدواداچوون بۆ بەرنامەی ناوکی ئێران دەکرێت و ڕێکاری توندتر دەگرینەبەر بۆ ئەوەی ڕێژیمی ئێران نەتوانێ پەرە بەچەکی ناوکی بدات.
جێن ساکی: ڕێژیمی ئێران دەبێ بۆ درێژەدان بە بەرنامەی ناوکی پابەندی بەربەستەکان ببێت و سەر لە نوێ پەیڕەوی مەجەکانی ڕێککەوتنی ناوکی بێت و چاوەڕوانیمان هەیە بایدن لە وتووێژەکانی لەگەڵ هاوتا و هاوپەیماننانی بە ئەنجامی بگەیەنێت چوونکە ڕیژیمی ئێران زۆبەی بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناوکی پێشێل کردووە.
شایانی باسە کە، ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی پێشنیارکراو لە دەوڵەتی جۆ بایدن، ئێوارەی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاندبوو کە، دەوڵەتی بایدن بەڵێندەدا کە پێش بە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی بگرێ و وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل، لەهەر دانوستاندنێکی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بەشداری دەکەن.