دارسمە، یانی بۆخۆم ئەو باڵندە خنجیلانەیەی بە نووسینی ئەم چەند دێڕە لەخزمەتتان دام، بەشێکی زۆری شار و شارۆچکە و گوند و گوندۆچکەی ئەم کوردستانە پان و بەرینە گەڕاوم. ئەمەش وای لێکردووم ئەگەر زاراوە و بنزاراوەی شوێنە جودا جوداکانی کوردستانیش نەزانم، دەزانم زۆرن ئەو وشە و دەستەواژانەی لە لایەکی کوردستان مانایەکیان هەیە و لە شوێنیکی دیکەی ئەم وڵاتە ڕەنگە مانای دژ و تەنانەت ناشرینیشیان هەبێت. جا بۆیە لە سەرەتادا دوو وشە یان دەستەواژەی بەشێک لە ئەم ڕستەیەی سەرەوەتان بۆ شی دەکەمەوە. ڕەنگە ئەم شیکردنەوەیە بۆ بەشێک لە خوێنەران شتێکی دووبارە بێ، بەڵام واباشە ڕەزای قورس و خوێنی تاڵم ماندوویان نەکا.
بزن بریتییە لە حەیوانێکی ڕەشانگی لە مانگا نەویتری لە مەڕ سەرقیتتر و شاخدار و بێ دونگ و کلێنجە ڕووت. بۆ ئەوەی ئەم ڕستەیەی دوایی یانی ڕێک ئەو ڕستەیەی پێش تەواوکردنی ئەم ڕستەیەی بەردەستم لێیبوومەوە سەرتان لێ نەشێوێنێ، ناچارم ئەویشتان بۆ شی بکەمەوە.
ڕەشانگ: لێرەدا مەبەست لە حەیوانی ڕەشە کە دەکاتە پێچەوانەی ڕەنگی مەڕ و مەبەست بزنە.
شاخدار: ئەم وشەیە لە کولتووری کوردیدا بۆ هەندێک پیاویش بەکار دێ کە خەریکی هەندێک کاری هین و وانێکن.
دونگ: ئەو تۆپەڵە بەز و خورییەیە کە لە دواوە عەیبەی مەڕ دادەپۆشێ و بە داخەوە بزن نییەتی. هەندێجار بە کەسانی بێدەستکەوتیش دەگوترێ “ئەدی کوا دونگت”. بەڵام لە دەرەوەی ئەم نووسینە بە سرتە قسەیەکی خۆمانەش بکەین کە دونگ بە کەبابەوە زۆر بەتامە.
کلێنجە: بریتیە لە ئەو دوو کونەی دواوەی بزن و مەڕ. هی مەر دونگ دایپۆشیون و ئەوانی بزن بە دەرەوەن.
دوای لێکدانەوەی ئەم وشانە، با خۆێنەران بە کەیفی خۆیان ئەو ڕستانەی سەرەوە لێکبدەنەوە.
بەڵام مانای وشەی “مەرەز”. ئەم وشەیە بە مانای “ناتەواو” و “شێت”یش دێ، بەڵام لەگەڵ بزن، دەستەواژەی “بزنە مەرز” دروست دەکا و ماناکەی ئەو بزنەیە مووی لەشی لەگەڵ مووی بزنی دیکە جودایە بۆ ڕستن و چنین دەبێ و “کر”ی لێدروست دەکرێ و دەیکەن بە ڕانک و چۆغە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە بەرنامەیەکی کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیدا میوانداری لە دوکتۆرێکی کورد کرا. میوانە کورده ڕانک و چۆغەیەکی مەرز و پەستەکێکی بەرگنی کردبووە بەر و لەگەڵ کابرایەکی زلی کەم تووک لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامەوە بەخێر هێنران. بە شێوازی دستپێکردنی پێشکەشکاری بەرنامەکەوە دیاربوو دەیهەوێ دوو میوانەکە بەگژ یەکتردا بکا. دیارە ئەم کەناڵە و کەناڵەکانی دیکەی تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی لەم کارەیاندا خاوەن ئەزموونن. نەک هەر دوو میوانی بەرنامە بەگژ یەکدا دەکەن، جاری وایە چینە جوداکانی کۆمەڵگە و نەتەوە جوداکان و هەندێک شتی دیکەش بەگژ یەکتردا دەکەن. بەڵام بەرنامەی ئەمجارە لەگەڵ هەموو جارانی دیکە جودا بوو. جارانی پێشوو بێڕییزیان بە ئازەریان دەکرد. یان ماوەیەک لەمەوبەر لە سەر تەلەفزیۆن بە منداڵێکیان گوت چۆنە باوکت شۆفیر تاکسیە و لای هاوڕێکانت ئاشکرای دەکەی. دەتگوت شۆفیر تاکسی دز و جەردەیە و نابێ منداڵەکەی لای هاوپۆلانی ناوی بهێنێ.
بۆ ئەوەی باش لە نەخشەی دەرهێنەر و پێشکەشکاری بەرنامەکەی شەبەکەی دووی تەلەفزیۆنی سەر بە مەقامی موعەزەمی ڕەهبەریی کۆماری ئیسلامی تێبگەن، لای خۆتان جارێکی دیکە بە مانای فرەڕەهەندی، بزن، مەرەز، شوان، کلێنجە، دونگ، خوری و بەرگندا بچنەوە، ئەمجار لە قووڵایی کێشەکە دەگەن. پێموابێ وشەی “بەرگن”م شی نەکردەوە. بەرگن بە خوریی کاوڕی یەکساڵە دەگوترێ. “کاوڕ” بێچووە مەڕی تەمەن یەکساڵە. خوریەکەی ناوی بەرگنە. بەرگن لە خوریی مەڕی گەورە نەرمترە و بۆ ڕستن و چنین نابێ و ئەگەر بپەستێورێ باش یەکتر دەگرێت. ساڵانی ڕابردوو لباد و کەپەنک یان فەرەنجیی شوانان و پەستەک و کڵاویشیان لێ دروست دەکرد.
دوای ئەوەی پێشکەشکاری بەرنامەی گۆرینی شەبەکەی دوو بە میوانەکان دەڵێ بەخێر بێن، ئەوەی سەری ڕووتاوەتەوە و جلی ڕۆژئاواییەکانی کردووەتە بەر، ڕانک و چۆغەڵ و پەستەکی کابرای کورد پێش چاوانی تاریک دەکا و پێی دەڵی ئەم جلە شوانانەیە چییە کردووتە بەر؟ ئەویش بۆ ئەوەی بیری لەسەر مەرەزی بزن و بەرگنی کاوڕ لابدا، دەڵێ لەمێژە ئێمە ئەم جلانەمان هەیە، باب و باپیرانیشمان کە کوڕانی کاوە بوون، لە سەردمی زوحاکی شان بە مار ئەم جلانەیان دەکردە بەر. ئەو دیارە لەلایەک دەیهەوێ دڵی بەرانبەرەکەی وەک بزنە مەرەزێکی ڕووتاوە نەهێشێ و وەک هەموو شوانێکی ئاقڵ و زانا بەسەر ئەم بزن و مەڕانەی بەردەمیشیدا، ڕاستەوخۆ وڵامی ڕاهێنەری سەرەکیی تەلەفزیۆن و مەڕ و بزنەکان بداتەوە.
شوانە باش دەزانێ ڕاهێنەری ڕانەمەڕەکە بەئەنقەست ئەم دووانەی خستووەتە بەردەستی. ئەوە نییە بە فارسی قسەی دەکرد؟ چۆن نازانێ “تفرقه بیانداز و حکومت کن” یانی چی؟
بەڵام واباشە خوێنەران بزانن دارسمەش ئەوەندە گێلۆکە نییە بەم نووسینەوە خۆی بخافڵێنێ و دەزانێ دوو ڕۆژی دیکە حەفتاوپێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری دێموکراتی کوردستانە و ڕاهێنەری ئەم بزن و مەڕانەش کە خاوەنی سەرەکیی تەلەفزیۆن و ڕانەمەڕێکی گەورەیە، پێی خۆشە خەڵکی کوردستان هەستیان بورووژێ و بە قسەی بزنێک هەڵبچن و وەک پێویستە یادی ڕۆژی پیرۆزی دوو ڕێبەندان نەکەنەوە. جا واباشە شوانان لەنێو باعەباع و کارەکاری بزن و مەڕاندا سەریان لێ نەشێوێ و بیسەلمێنن ئەوان لە خێلی بزن و مەڕان نین.