لەنێو کەلوپەلەکانی نێو کارتۆنێکدا چاوی بە بەستەیەک نامەی پێچراو کەوت. ئەو کەلوپەلانە هی دایکی بوون کە ساڵی ٢٠٠٢ کۆچی دوایی کردبوو. ڕێبێکا، کچە تاقانەکەی “پیتر ویس” و “هێلیا هێنشێن”، وەختێک چاوی بەو نامانە کەوت سەری سوڕما. پیتر کاتی خۆی ئەو نامانەی بۆ هێلیا نووسیبوو، هەڵبەت وەختێک کە بەدڵ عاشقی بووە و هێشتا لە یەکتر جیا نەبوونەتەوە. ڕێبێکای کچیان، هەموویانی خوێندەوە. سۆزی عەشقیان لێ دەباری و ڕوخسارێکی جیاوازیان لە پیتری باوکی ئەو پیشان دەدا.
پیتر ویس، نووسەر و هونەرمەند و ڕێژیسۆر بوو. ناوبراو لەگەڵ خاتوو هێلیا هێنشێن کە ئەویش نووسەرێکی بەتوانا بووە، ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و مەخابن تەنیا چوار ساڵ پێکەوە ژیاون و دواتر جیا بوونەتەوە. بەهرەی ئەو خۆشەویستی و پێکەوە بوونە، کچی تاقانەکەیانە بەناوی ڕێبێکا ویس.
پێوەندی ژن و مێردایەتیی ئەو جووتە هەرچەند زۆر جێگای تاریف نەبووە، بەڵام کچەکەیان دواتر نووسیویەتی کە بەختەوەرترین مناڵ بووە، چونکە باشترین دایک و باوکی هەبووە. دیارە بەپێی ئەزموون، لە جیهانی پێشکەوتوودا مناڵان لەبەر ئەوەی هەمیشە هەوڵ دەدەن ئەرێنی بیر بکەنەوە، ئەگەر خاوەن نەسازاوترین دایک و باوکیش بن، هێشتا پێیانوایە چاکترین دایک و باوکیان لەو جیهانەدا هەیە. مناڵەکان هەڵسوکەوتی پڕ لە دڵسۆزیی دایک و باوک سەبارەت بە خۆیان وەکوو شتێکی جیا لە ڕەفتاری تایبەتیی نێوان خۆیان دادەنێن. لەهەر حاڵدا، ڕێبێکا پێیوابووە ئەو دوو کەسایەتییە توانیویانە زۆر شت بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ببەخشن. ئەو خۆی تەنیا لەوە ناڕاحەت بووە کە بەدرەنگ نامەکانی دۆزیوەتەوە، ئەویش ڕاست دوای مەرگی باوکی بووە و نەیتوانیوە لەو بارەوە وڵام بۆ زۆر پرسیار وەرگرێتەوە. هەربۆیە دواتر کتێبێکی لەسەر نامەکان نووسی بە ناوی: “لەمەر دیتنت، چەندە کوێر بووم”.
دایکی ڕێبێکا واتە هێلیا هێنشێن، ژنێکی تا بڵێی بەتوانا و دەستڕەنگین و هونەرمەند و نەققاش و نووسەرێکی بەوەج بووە. هێلیا ٢٣ی فێوریەی ١٩١٧ لەدایک بوو و ٨٥ ساڵ ژیا و ئاگوستی ٢٠٠٢ کۆچی دوایی کرد. لەنێوان ساڵەکانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٤٥ نیگارکێشیی لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان خوێندووە و سەرەڕای کاری هونەری زۆر، خاوەن کۆڵێک بەرهەمی نووسراویشە. ئەو خاتوونە نزیک بە دوازدە کتێبی جێهێشتووە کە ناسراوترینیان بریتین لە: “ڕێگای بەرەو ڕاپەڕین”، “ساڵانی ژیان لەگەڵ پیتر و ژن”، “هونەرمەند” و “هەمیشە یاغی”.
هێلیا هێنشێن زۆرتر وەکوو نووسەرێک کاری کردووە کە هاوکات بە زمانی تێکست و نەققاشی دواوە و کتێبەکانی بە شێوازی “تێکست - نیگار” نووسیوە. بەرهەمەکانی زۆر شوێنیان ڕازاندووەتەوە، بۆ وێنە موزەی کلاسیک و موزەی مۆدێڕنی ستۆکهۆڵم و وێستگەی مێترۆی گەڕەکی تێنستا.
من خۆم، زۆر جار لە وێستگەی مێترۆی گەڕەکی تێنستا چاوم بە کارە هونەرییەکانی هێلیا هێنشێن کەوتووە، بێئەوەی ناوی هونەرمەندەکە بزانم پەیامێکم لەو شاکارانە وەرگرتووە، پەیامی پێکەوە ژیانی مرۆڤەکان بەدوور لە ڕەنگ و ڕەگەز، پەیامێکی بەهێز سەبارەت بە دۆستایەتیی ئینسانە موهاجیرەکانی نیشتەجێ لە وڵاتی سوید. جوانترین کۆپلە شێعری ناوبراویش کە لەو دواییەدا خوێندمەوە، پڕ بوو لە هاوار بۆ ئازادی و مافی ئینسان. ئەوەی پتر سرنجی ڕاکێشام شێعرێک بوو بەناوی : “بدوێ” . هێلیا لەو شێعرەدا خۆی وەها دەدوێ:
“بدوێ”
بدوێ !
تۆ هێشتا خاوەن لێوەکانی خۆتی.
قسە بکە!
لەگەڵ دراوسێیەکانت لە بەرهەیوانی ماڵەوە
لەگەڵ ڕێبوارانی سەر شەقام
لەگەڵ خەڵکی وێستگەی قەتار
هەتا لێوەکانت نەدووراون.
لەگەڵ ئەو کەسانەی گوێێ بیستنیان هەیە قسە بکە
ئەوان هاواری تۆ دەبیستن.
لەسەر ڕوخساری کاغەز وشەکان بنەخشێنە.
لەسەر دیوار و لەسەر پلانکاردەکان
وشەکان لەگەڵ خۆت بەرە بۆ نێو شار
لەسەر سەرتیان ڕاگرە
با هەموو کەس بیانبینێ.
بلاڤۆک بڵاوبکەوە
سەبارەت بە ئازادی، تێکۆشان و نرخی بەرزی مرۆڤایەتی.
بلاڤۆک بڵاوبکەوە
سەبارەت پشتیوانی و یەکگرتوویی
سەبارەت بە ئاشتی.
لێگەڕێ وشەکان،
چەشنی پەڕەسلێرکەکان باڵبگرن و بفڕن
بەرەو سەرزەوینی دوور لە مەوتەنت.
لێگەڕێ با ئەستێرەکان چاوساغی شەوانی تاریکت بن.
قسەی دڵت لەگەڵ نەوای ئەو باڵندانە
ئەوانەی گەڵای سەوزیان بە دەنووکەوەیە سازگارکە
ئەوسا بۆ خوشک و براکانمان
بۆ هەموو زیندانیەکانی جیهانی بەڕێکە.
قسەبکە!
بۆ ئەو کەسانەی بێدەنگیان ڕەچاونەکردووە.
بدوێ!
تۆ کە هێشتا خاوەن لێوەکانی خۆتی.
ئاخر، وشە دەتوانێ خۆر بێ
وشە دەتوانێ چەشنی ڕووباری بەخوڕ بێ
وشە دەتوانێ درگای داخراو واڵابکا و
پردگەلێک بۆ پەڕینەوە بنیاتبنێ
هەڵبەت ئەگەر،
بە قەیاسی پێویست خۆمان بە چەکی وشە تەیارکردبێ.
دەبدوێ دەی ! قسە بکە !
ئێمە قەرزداری ئەو کەسانەین وەدەنگهاتن
دەبێ بدوێین
چونکە ئەوان تا ئەو کاتەی زمانیان هەبوو قسەی خۆیانکرد
دەی تۆش دەنگ هەڵبڕە و بدوێ!