دەسبەسەرکردنی کارمەندێکی نهێنیی ڕێژیمی ئێران لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکا
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی وەزارەتی دادی ئەمریکا، کەسێک بە ناوی “کاوە ئەفراسیابی”، بە تاوانی ئەوە کە وەک نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکایە و ناوی تۆمار نەکراوە دەسبەسەرکرا.
بەوتەی یاریدەدەری دادستانی گشتیی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا، “کاوە ئەفراسیابی” زیاتر لە دە ساڵە خۆی وەک کارناسێکی بێلایەن بە کۆنگرە، ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی ئەمریکا ناساندووە. بەڵام ناوبراو لە تەواوی ئەو ساڵانەدا وەک کارمەندێکی نهێنیی ڕێژیمی ئێران و لە لێژنەی نوێنەرایەتی ئێران لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە و بۆ چالاکییە تەبلیغییەکانی خۆی مووچەی وەردەگرت.
شایانی باسە کە کاوە ئەفراسیابی، وەک مامۆستای زانستیی سیاسی بە نووسینی کتێب و بڵاوکردنەوی وتار کە لەواندا ڕوانگەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەنگدانەوەیان بووە، لۆبیگەریی بۆ ڕێژیمی تاران دەکرد.
پۆلیسی فێدڕاڵی ئەمریکا دەڵێ:” هەموو هەوڵ و توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی وەک کاوە ئەفراسیابی ناویان تۆمار نەکراوە و بە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کاردەکەن و خەریکی لۆبیگەرین بۆ ڕێژیمی ئێران، دەسبەسەر بکەین و سزایان بدرێن”.