بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “حەسەن ئازەر ئەفشان” بەهۆی ڕاوەستانی دڵ کۆچیدوایی کرد.
حەسەن ئازەر ئەفشان لەیەکێک لەبنەماڵە نیشتمانپەروەرو و حیزبدۆستەکانی ناوچەی دەشتەبێڵ لە گوندی “گرکە گوول” لەدایک بووە و دواتر وێڕای بنەماڵە لە ناوچەی دزەیی دۆڵێ و لە گوندی دەلۆ نیشتەجێ دەبێ و ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، لەگەڵ هەر سێ براکانی دەبن بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، و دوای ماوەیەک بە ڕەزامەندیی حیزب دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و دوو براکەی بە ناوەکانی خدر و مەولوود لە نێو ڕیزەکانی حیزبدا دەمێننەوە .
خوالێخۆشبوو تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە؛ لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی “حەسەن ئازەر ئەفشان” سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە، خزم و کەسوکاری و هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.