بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە ناوچەکانی شنۆ و سۆمای برادۆست چالاکیی تەبلیغاتی بەرێوەچوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، خەڵکی ئازادی خواز و ڕێبوارانی ڕێگەی کۆماری کوردستان، لە ناوچەکانی شنۆ و سۆمای برادۆست بە دروشم و وێنەی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان یادی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
سەرەڕای ئەوەیکە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامییان هەیە، بەڵام ڕێبوارانی رێبازی کۆماری کوردستان و ئاڵاهەڵگرانی کوردستان لە هیچ کەند و کۆسپێکی دوژمن سڵ ناکەن و شێلگیرانە شان وەبەر ئەرکە نەتەوەییەکانیان دەدەن و لە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە کار و چالاکیی تەبلیغی لە شوێنە گشتییەکاندا یادی کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
ئەو ناوچانەی کە لاوانی کوردستان یادی کۆماری کوردستانیان کردۆتەوە بریتین لە، کانیەڕەش، باخاڵاوێ، قەلاتیانی ناوچەی شنو و هەروەها تێکۆشەرانی ناوچەی سۆمای برادۆستیش لە یادی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە چالاکییەکانیان یادی ئەو کۆمارە مەزنەی کوردستانیان کردەوە و بە دروشم و وێنەی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان چالاکییان بەڕێوە برد.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە سپاسی تێکۆشەرانی ناوچەی سۆمای برادۆست و شنۆ دەکات و هیوا دەخوازێ لە ئەرک و چالاکییەکان هەروەها بەردەوام بن.