ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە نێو شاری سنە و ئاوایی گاوەرەی سەر بەو شارە بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی دڵسۆزان و ئەندامانی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کێوی ئاویەری شاری سنەیان بە تراکت و نووسینی دروشمی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان ڕازاندەوە و یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت
هەروەها لایەنگران و ئەندامانی بە ئەمەگی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی گاوەرەی سەر بە شاری سنە بە نووسینی دروشم و هەڵواسینی تراکتی حیزبی و جامانە، ێزیان لە ڕۆژی پیرۆزی ٢ی ڕێبەندان گرت.
لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لەو هاوڕییانەمان لە شاری سنە و ئاوایی گاوەرە سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازین.