سووكایەتی پێ كردنو لێدانو كوتانی ئاسۆ ڕۆستەمی لەلایەن یەكێك لە ئەفسەر نیگابانەكانەوە، بوو بە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕینی زیندانیانی سیاسیی بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆڕی چالاكانی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی یەكشەممە ١٣ی بەفرانبار، چالاكی مەدەنیی بەندكراو ئاسۆ ڕۆستەمی، لەلایەن یەكێك لە ئەفسەر نیگابانەكانی بەندی ٨ی زیندانی ئێڤینەوە سووكایەتی پێ كراوە و كەوتۆتە بەر لێدانو كوتان.
بەم جۆرە كە لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە پێشتریش ئەم مەئموورە پێشینەی هەڵسوكەوتی خراپی لەگەڵ زیندانییان هەبووە كە وەك نموونە ئاماژە بە ناوی ئومیدی عەلیشناس كراوە.
ئاسۆ ڕۆستەمی چالاكی مەدەنی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ١٦ی ڕەزبەر پاش بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان بە مەبەستی پشتیوانی كردن لە كۆبانێ لەبەردەم دەفتەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای چەند چالاكی مەدەنیی دیكە دەستبەسەر كراو پاش لێكۆڵینەوەو ماوەیەك ڕاگیران لە بەندی تاكەكەسیدا، ڕاپێچی بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین كرا.
ناوبراو بەهۆی چالاكییە مەدەنییە ئاشتیخوازانەكانی خۆی، تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام، پێكهێنانی كۆڕ و كۆبوونەوە بەدژی ئەمنیەتی میللی و سووكایەتی كردن بە ڕێبەری كۆماری ئیسلامی خراوەتە پاڵ و حوكمی ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.